بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری”ڕۆژی سێشەممە، ٢٧ی خەزەڵوەر، مەولوود ئافەند، ڕۆژنامەنووسی خەڵکی شاری میاندواو، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە بەبێ خستنەڕووی هیچ بەڵگەیەکی یاسایی و مۆڵەتێکی قەزایی دەستبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گوازراوەتەوە.
بەپێی سەرچاوەکان، هێزە ڕێژیم هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی ئەو ڕۆژنامەنووسە و دوای پشکنینی ماڵەکەی، دەستیان بەسەر هەندێک کەلوپەلی تایبەتیی ناوبراودا گرتووە. تاوەکوو کاتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەک لەسەر هۆکاری دەستبەسەرکردنەکە و ئەو تۆمەتانەی خراونەتە پاڵ مەولوود ئافەند لەبەردەستدا نییە.
چارەنووسی مەولوود ئافەند نادیارە و ئەمەش نیگەرانیی لای بنەماڵە و هاوکارانی دروست کردووە. شایەنی باسە کە فشار و دەستبەسەرکردنی ڕۆژنامەنووسان و چالاکانی مەدەنی لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران بەردەوامیی هەیە و زۆرجار ئەم کەسانە بەبێ پەیڕەوکردنی ڕێکارە یاساییەکان و بە تۆمەتی ناڕوون ڕووبەڕووی گرتن دەبنەوە.
