خۆڕاگری: سامان محەممەدیخەیارە، بەندکراوی سیاسیی خەڵكی سنە کە سزای سێدارەی بەسەردا سەپێنداوە، بەمەبەستی جێبەجێکردنی سزاکەی، گوازراوەتەوە بۆ ژووری تاکەکەسی لە بەندیخانەی قزڵحەساری کەرەج.
بەپێێ هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی شەممە، ٢٤ی سەرماوەزی ١٤٠٣ی هەتاوی، سامان محەممەدیخەیارە، بەندکراوی سیاسیی خەڵکی شاری سنە کە پێشتر لەلایەن دەزگای قەزایی کۆماری ئیسلامییەوە بەتۆمەتی “محاربە” سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندراوە، بەمەبەستی جێبەجێکردنی سزاکەی گوازراوەتەوە بۆ ژووری تاکەکەسی بەندیخانەی قزڵحەساری کەرەج و مەترسی لەسێدارەدانی لەسەرە.
شایانی باسە کە، سامان محەممەدیخەیارە، ١٥ساڵ پێش ئێستا لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامییەوە دەسبەسەر کراوە و دواتر لەلایەن لقی ١٥ی دادگای ئینقلابی ئیسلامیی ڕێژیمەوە لە تاران بەسەرۆکایەتی قازی “ئەبولقاسم سەلەواتی” بەتۆمەتی محاربە و ئەندامبوون لە گرووپە دژبەرەکانی کۆماری ئیسلامی، سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندراوە و لە ماوەی دەسبەسەربوونیدا چەندینجار ئەشکەنجە و ئازار دراوە و هەروەها لە مافی مەرەخەسی بێبەش کراوە و بەشێوەی مەرجداریش توانیویەوە چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بکات.