مامۆستایەکی زمانی کورد پاش تەواوبوونی سزای بەندکردنەکەی ئازاد کرا

خۆڕاگری: سەیوان ئیبراهیمی، مامۆستای زمانی کوردیی خەڵکی سنە، پاش تەواوبوونی سزای بەندکردنەکەی لە بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە ئازاد کرا.

ڕۆژی شەممە، ٩ی پووشپەڕی ١٤٠٣ی هەتاوی، ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕایگەیاند: لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، سەیوان ئیبراهیم، ئەندامی لێژنەی بەڕێوەبەریی ئەنجومەنی فەرهەنگی و کۆمەڵایەتی “نۆژین”ـی سنە، بەندکراوی سیاسیی و  خەڵکی ئەو شارە کە لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە سزای یەکساڵ بەندکردنی بەسەردا سەپێندرا، پاش تەواوبوونی سزاکەی لە بەندیخانەی ناوەندی سنە ئازاد کرا.

ڕۆژی شەممە، ٩ی بەفرانباری ساڵی ڕابردوو، سەیوان ئیبراهیمی، لەلایەن جێبەجێکردنی سزاکانی دادگای کۆماری ئیسلامییەوە لە سنە، دەسبەسەرکرا و بەمەبەستی جێبەجێکردنی سزای بەندکردنی یەکساڵ بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە گوازرایەوە.