دەسبەسەرکردنی هاووڵاتییەکی خەڵکی جوانڕۆ لەلایەن ڕێژیمەوە

خۆڕاگری: هاووڵاتییەکی خەڵکی جوانڕۆ بەناوی “ڕامین قادری” لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەسبەسەر و گوازراوەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی شەممە، ٩ی پووشپەڕی ١٤٠٣ی هەتاوی، ڕامین قادری، هاووڵاتیی خەڵکی شاری جوانڕۆ لەلایەن هێزە داگیرکەرەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و یاسایی دەسبەسەر کراوە و پاشان گوازراوەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.

هێزە سەرکوتکەرەکانی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامی لە جوانڕۆ هەڵیانکوتاوەتە سەرماڵی ئەو هاووڵاتییە و بەشێوەیەکی دڕەندانە دەسبەسەریان کردووە و تائێستا هیچ زانیارییەکی ڕاست و دروست لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردن، شوێنی ڕاگیران و هەروەها چارەنووسی لە بەردەستدا نییە و هەو و بەدواداچوونی بنەماڵەکەشی بێئاکام ماوەتەوە.