هاووڵاتییەکی دەسبەسەرکراوی خەڵکی بۆکان بەدانانی بارمتە ئازاد کرا

خۆڕاگری: هاووڵاتییەکی دەسبەسەرکراوی خەڵکی بۆکان بەناوی “هەتاو ئەکرەمی” پاش ٢٠ڕۆژ دەسبەسەربوون بە بارمتەی قورس و بەشێوەی کاتیی ئازاد کرا.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی دووشەممە، ٤ی پووشپەڕی ١٤٠٣ی هەتاوی، هەتاو ئەکرەمی، هاووڵاتیی خەڵکی بۆکان و ئامۆزای یەکێک لە شەهیدانی شۆڕشی ژینا، پاش ٢٠ڕۆژ دەسبەسەربوون و ناڕوونی چارەنووسی بە دانانی بارمتەی قورس بە بڕی ٦ملیارد تمەن و بەشێوەی کاتیی لە بەندیخانە ئازاد کراوە و کە تائێستاش نازانرێ شوێنی ڕاگیرانەکەی کوێ بووە.

ناوبراو ئامۆزای مێهران ئەکرەمی، یەکێک لە شەهیدانی شۆڕشی ژینایە، کە لەژێر ئەشکەنجەی هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم گیانی لە دەستدا، هەتاو لە دەرەوەی ئێران ژیان دەکات، بەڵام بەمەبەسەتی سەردان و بەشداری لە زەماوەندی خزمێکیان گەڕاوەتەوە بۆ شاری بۆکان و دواتر لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراوە.

جێی ئاماژەیە کە، هێزە داگیرکەرەکانی ئیتلاعاتی ڕێژیمی ئێران بە چەند ماشێنێک هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی ئەو ژنە و بەشێوەیەکی دڕەندانە دەسبەسەریان کردووە و هەروەها ماڵەکەشیان بەتەواوی پشکنیوە و دەستیان بەسەر کەلوپەلە تایبەتییەکانیشیدا گرتووە و تائێستا هیچ زانیارییەکی ڕاست و دروست لەسەر هۆکاری دەسبەسەربوون، شوێنی ڕاگیران و هەروەها چارەنووسیشی لە بەردەستدا نییە.