کۆماری ئیسلامی سزای سێدارەی بەسەر کۆڵبەرێکی کورددا سەپاند

خۆڕاگری: ئیدریس ئاڵی، کۆڵبەری خەڵکی سەردەشت کە نزیکەی ٣مانگە دەسبەسەرکراوە، لەلایەن دەزگای قەزایی کۆماری ئیسلامییەوە سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندراوە.

ڕۆژی چوارشەممە، ٦ی پووشپەڕی ١٤٠٣ی هەتاوی، ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕایگەیاند: ئیدریس ئاڵی، هاووڵاتیی خەڵکی شاری سەردەشت کە خەریکی کۆڵبەری بووە لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامییەوە دەسبەسەر کراوە و دواتر لەلایەن لەقی ٣ی دادگای ئینقلابی ئیسلامیی ڕێژیمەوە لە ورمێ بەتۆمەتی سیخوڕیکردن بۆ دەوڵەتی ئیسرائیل، سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندراوە و لەکاتێکدا ئەو سزایە بەپێی دانپێدانانی زۆرەملێ و لەژێر گوشاری توندی ئیتلاعاتی سپای پاسدارانەوە دەرکراوە.

ئیدریس ئاڵی نزیکەی ٣مانگ لەمەوبەر لەلایەن هێزە داگیرکەرەکانی ئیتلاعاتی سپای تێرۆریستی پاسدارانەوە لە سەردەشت دەسبەسەر کرا و پاشان گوازرایەوە بۆ بەندی سیاسیی بەندیخانەی ورمێ و هەروەها  پەروەندەکەی دوای ناڕەزایەتی بەرانبەر بە سزای سێدارەکەی بۆ دیوانی باڵار کۆماری ئیسلامی نێردراوە و  ناوبراو تائێستا لە مافە سەرەتاییەکانی وەکوو دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەش کراوە.