دەسبەسەرکردنی مێرمنداڵێکی تەمەن ١٤ساڵانی خەڵکی پیرانشار لەلایەن ڕێژیمەوە

خۆڕاگری: مێرمنداڵێکی تەمەن ١٤ساڵانی خەڵکی پیرانشار بەناوی فەرزین نەبی، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامییەوە لەو شارە دەسبەسەر کراوە.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی یەکشەممە، ٢٨ی خەزەڵوەری ١٤٠٢ی هەتاوی، هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامی لە شاری پیرانشار، هەڵیانکوتاوەتە سەر شوێنی کاری “فەرزین نەبی” مێرمنداڵی تەمەن ١٤ساڵانی خەڵکی ئەو شارە و بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و یاسایی بەشێوەی توندوتیژی و بێڕێزیکردن دەسبەسەر و گواستوویانەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.

بنەماڵەی ئەو مێرمنداڵە پاش دەسبەسەرکردنی، لە هەوڵ و بەدواداچووندان بۆ چارەنووسی منداڵەکەیان، بەڵام تائێستا لەلایەن ناوەندە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامییە لە پیرانشار هیچ وڵامێکیان نەدراوەتەوە و هەروەها تائێستا هیچ زانیارییەکی ڕاست و دروست لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردن، شوێنی ڕاگیران و چارەنووسی لە بەردەستدا نییە.