دوو مێرمنداڵی دیکەی خەڵکی پیرانشار لەلایەن ڕێژیمەوە دەسبەسەر کران

خۆڕاگری: دوو مێرمنداڵی دیکە بەناوەکانی “کۆمار نەبی و هێدی یوسفی‌ئەقدەم” تەمەن ١٦ساڵانی خەڵکی پیرانشار لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کران.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی دووشەممە، ٢٩ی خەزەڵوەری ١٤٠٢ی هەتاوی، کۆمار نەبی و هێدی و یوسفی‌ئەقدەم، دوو مێرمنداڵی تەمەن ١٦ساڵانی خەڵکی شاری پیرانشار، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرتەکانی کۆماری ئیسلامییەوە لە ماڵەکەی خۆیاندا بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و یاسایی، بەشێوەی دڕەندانە دەسبەسەر کراون.

هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامی لە شاری پیرانشار لە ماوەی ٢ڕۆژی ڕابردوودا سێ مێرمنداڵی خوار تەمەن ١٨ساڵانیان دەسبەسەر کردووە و تائێستاش هیچ ڕوونکردنەوەیەکیان بە بنەماڵەکانیان نەداوە کە هۆکاری دەسبەسەرکردی ئەو منداڵانە چین، لە حاڵێکدا بەو پەڕی بێڕێزی و توندوتیژییەوە دەسبەسەریان کردوون و لەگەڵ خۆیان ڕفاندوویانن بۆ شوێنی نادیار.

جێی ئاماژەیە کە، پاش دەسبەسەرکردنی ئەو سێ منداڵە، بۆ شوێنگەلێکی نادیار گوازراونەتەوە و بەدواداچوونی بنەماڵەکانیان لەسەر چارەنووس و بارودۆخی منداڵەکانیان هیچ ئاکامێکی نەبووە و ناوەندە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامی لەو بارەیەوە هیچ وڵامێکی ئەو بنەماڵانەیان نەداوەتەوە و تائێستا هیچ زانیارییەکی ڕاست و دروست لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردن، شوێنی ڕاگیران و چارەنووسیان لە بەردەستدا نییە.