
خۆڕاگری: هێمن قولیزادە، هاووڵاتیی خەڵکی بۆکان بە مەبەستی سزای ٢ساڵ بەندکردن، دەسبەسەر و ڕەوانەی بەندیخانەی ئەو کرا.
ڕۆژی دووشەممە، ١٩ی جۆزەردانی ١٤٠٤ی هەتاوی، ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕایگەیاند: ماوەی زیاتر لە ١٥ڕۆژ لەمەوبەر هێمن قولیزادە، هاووڵاتیی خەڵكی شاری بۆکان کە پێشتر سزای ٢ساڵ بەندکردنی بەسەردا سەپێندرابوو، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کرا و بە مەبەستی تێپەڕاندنی سزاکەی ڕەوانەی بەندیخانەی ناوەندیی بۆکان کرا.
ناوبراو پێشتر لەلایەن لقی ١٠١ی دادگای تاوانەکانی ڕێژیم لە بۆکان بەتۆمەتی هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی دژبەری ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، سزای ٢ساڵ بەندکردنی بەسەردا سەپێندرابوو و هەروەها ڕۆژی شەممە، ٣ی جۆزەردانی ئەمساڵ، بەمەبەستی تێپەڕاندی سزاکەی دەسبەسەر و ڕەوانەی بەندیخانە کرا و بۆ زانیاریی زیاتر لەسەر ئەو هاووڵاتییە کە پێشتر لەگەڵ باوکی دەسبەسەر کرابوو، سەردانی ماڵپەڕ و تۆڕەکۆمەڵایەتییەکانی “خۆڕاگری” بکەن.