بەڕێوەچوونی پێشانگایەکی وێنەی شەهیدانی دەستی ڕێژیمی ئێران لە وڵاتی فەرانسە

خۆڕاگری: بە ئامانجی بەرجەستەکردنی خەباتی نەتەوەیی و ئاشکراکردنی تاوانەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، پێشانگایەکی هونەریی وێنەیی بە ناونیشانی «هونەری بەرگری» لە شاری ستراسبوورگی فەرانسە بەڕێوەچوو و نوێنەری ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانیش بەشداری کردووە.

ڕۆژی شەممە، ١ی خاکەلێوەی ١٤٠٤ی هەتاوی، “٢١ی مارسی ٢٠٢٦ی زایینی”، هاوکات لەگەڵ یەکەم ڕۆژی جەژنی نەورۆز، هێرۆ شێخە، هونەرمەندی کورد، لە مەیدانی «پلاس کلێبێر»ـی شاری ستراسبوورگ‌ی وڵاتی فەرانسە پێشانگایەکی وێنەیی کردەوە کە تێیدا ٣٦٠ وێنەی ئەو شەهیدانەی نمایش کرابوون کە لە ڕووداوەکانی مانگی بەفرانباردا لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە کرابوونە ئامانج و بە تەقەی ڕاستەوخۆی گولـلە گیانیان لێ ئەستێندرابوو و هەروەها ئەو پێشانگایە بۆ ماوەی حەوت کاتژمێر لە یەکێک لە قەرەباڵغترین ناوچەکانی ئەو شارە بەردەوام بوو و بووە سەکۆیەک بۆ ناساندنی مەینەتییەکانی گەلی کورد بە تایبەت کوشتارەکانی پارێزگاکانی ئیلام و کرماشان.

بەڕێز سۆهراب ڕەحمەتی، نوێنەری ئەنجوومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ئورووپا، بە چەپکە‌گوڵێک بەشداری لە پێشانگەکەدا کرد و وێڕای دەستخۆشی لەو دەستپێشخەرییە هونەرییە، پەیامی دەستەی بەڕێوەبەری ئەنجوومەنەکەی گەیاند و ڕایگەیاند: ئەم چالاکییە نەک هەر ڕاستییەکانی سەردەمی ئێستای بۆ جیهان ڕوون کردەوە، بەڵکوو دەرفەتێکی پێ بەخشین کە نەورۆز لەگەڵ ئیرادە و هزری شەهیدانماندا جێژن بگرین.

ڕەحمەتی هەروەها ئاماژەی بە دۆخی دژواری زیندانییانی سیاسیی کورد کرد و جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە ئەو ٣٦٠ وێنەیە تەنیا بەشێکی کەم لە قوربانییانی گەلەکەمانن لە پێناو ئازادیدا و هێشتا بە هەزاران کەسی دیکە لە بەندیخانەکانی کۆماری ئیسلامیدا چارەنووسیان نادیارە و هەروەها ئەم پێشانگایە وەک وێنەیەک لە هونەری بەرگری، سەرنجی ژمارەیەک لە پەرلەمانتارانی فەڕانسەی ڕاکێشا و ئامادەبووان بە دانانی تاجەگوڵینە، ڕێزیان لە گیانی پاکی شەهیدانی کوردستان گرت و ئیرادەی خۆیان بۆ بەردەوامیی خەبات بۆ ئازادیی نەتەوەی کورد دووپات کردەوە.

Be the first to comment

Leave a Reply

Your email address will not be published.


*