دەسبەسەرکردنی هاووڵاتییەکی خەڵکی شنۆ لەلایەن چەکدارانی ڕێژیمەوە

خۆڕاگری: هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی لە شاری شنۆ هاووڵاتییەکی خەڵکی ئەو شارەیان بەناوی “ئاکام میهەنخا” دەسبەسەر کردووە.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی سێشەممە، ١٧ی ڕەزبەری ١٤٠٣ی هەتاوی، ئاکام میهەنخا، هاووڵاتیی خەڵکی گوندی “میراباد”ـی سەربە شاری شنۆ لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیمی ئێرانەوە بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و یاسایی دەسبەسەر کراوە و گوازراوەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.

ناوبراو لە پاش دەسبەسەرکردنییەوە لەلایەن چەکدارانی ڕێژیمەوە، تائێستا هیچ زانیارییەکی ڕاست و دروست لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردن، شوێنی ڕاگیران و هەروەها چارەنووسی لە بەردەستدا نییە و ناوەندە سەرکوتکەرەکانیش لەو بارەیەوە هیچ زانیارییەکیان بە بنەماڵەکەی نەداوە و ئەوەش بووەتە هۆی نیگەرانی ئەو بنەماڵەیە.