دەسبەسەرکردنی دوو برای خەڵکی بانە لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە

خۆڕاگری: دوو برا بەناوەکانی قادر و محەممەد عەزیزی خەڵکی بانە، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامییەوە دەسبەسەر کرا.

ڕۆژی سێشەممە، ١٧ی ڕەزبەری ١٤٠٣ی هەتاوی، ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕایگەیاند: لەماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، قادر عەزیزی و محەممەد عەزیزی، دوو برای خەڵکی گوندی “چۆمان”ـی سەربە شاری بانە لەلایەن هێزە داگیرکەرەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و یاسایی دەسبەسەر کراون و تائێستا چارەنووسیان ناڕوونە.

ئەو دوو برایە کە لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە دەسبەسەر کراون هەردووکیان کاسبکاری سەر سنوورن و بەبێ هیچ بەڵگەیەک و هیچ ئەمرێکی قازی، دەسبەسەر کراون و گوازراونەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار و تائێستا هیچ زانیارییەکی ڕاست و دروست لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردن، شوێنی ڕاگیران و هەروەها چارەنووسیان لە بەردەستدا نییە و هەوڵ و بەدواداچوونی بنەماڵەکەشیان بێئاکام ماوەتەوە.