خوێندکارێکی خەڵکی ورمێ لەلایەن ڕێژیمەوە سزای بەدنکردنی بەسەردا سەپێندرا

خۆڕاگری: ئایهان ئیبراهیمی‌عەلیکانی، هاووڵاتیی خەڵکی ورمێ و خوێندکاری زانکۆی “گیلان” لەلایەن دەزگای قەزایی کۆماری ئیسلامییەوە سزای ٦ساڵ بەندکردنی بەسەردا سەپێندرا.

ڕۆژی دووشەممە، ١٦ی ڕەزبەری ١٤٠٣ی هەتاوی، ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕایگەیاند: لەماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، ئایهان ئیبراهیمی‌عەلیکانی، هاووڵاتیی خەڵکی شاری ورمێ و خوێندکاری زانکۆی زانستە پزیشکییەکانی گیلان، لەلایەن لقی ٣ی دادگای ئینقلابی ڕێژیمەوە لە ورمێ بە سەرۆکایەتی قازی “بەرزکار و نەجەفزادە” بەتۆمەتی ئەندامبوون لە گرووپە ئۆپۆزیسیۆنەکانی ڕێژیمی ئێران، سزای ٦ساڵ بەندکردنی بەسەردا سەپێندرا.

ناوبراو لەلایەن ڕێژیمەوە تۆمەتبار کراوە بە بەکارهێنانی هەشتەگی “ژن، ژیان، ئازادی” و ئەندامبوون لە گرووپێکی ئۆپۆزیسیۆنی کۆماری ئیسلام بەناوی “ستادی چەکداری گەل” لەحاڵێکدا هیچ بەڵگەیەک لەسەر چالاکییەکی لەو شێوە و تەنانەت بوونی ئەو گرووپە لەبەردەستدا نییە و هەروەها ڕۆژی دووشەممە ١٨ی پووشپەڕی ئەمساڵ، لە ماڵەکەی خۆیدا لە ورمێ، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە بەشێوەیەکی دڕەندانە دەسبەسەر کرا و ڕێگەیان بە بنەماڵەکەی نەدا کە هەوڵی دەسبەسەرکردنەکەی بە میدیایی بکرێت.