
خۆڕاگری: عەبدولعەزیز گوڵمحەممەدی، بەندکراوی سیاسیی خەڵکی ورمێ، دوای ڕەزامەندی بە داواکاریی هەڵپەساردنی سزاکەی، بەتێپەڕاندنی ٤ساڵ و ٤مانگ بەندکردن لە بەندیخانە ئازاد کرا.
ڕۆژی شەممە، ۲٥ی گەلاوێژی ۱٤۰٤ی هەتاوی، ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕایگەیاند: لەماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، عەدبولعەزیز گوڵمحەممەدی، بەندکراوی سیاسیی خەڵکی شاری ورمێ لە بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە کە سزای ۱۰ساڵ و یەکڕۆژ بەندکردنی بەسەردا سەپێندرابوو، تێپەڕی دەکرد، بەڵام دوای ڕەزامەندیدەربڕینی شۆرای بەندیخانە و دادستانی ڕێژیم لە ورمێ بە داواکاریی هەڵپەساردنی سزاکەی، پاش تێپەڕکردنی ٤ساڵ و ٤مانگ بەندکردن لەبەندیخانەی ناوەندیی ورمێ ئازاد کرا.
ناوبراو پێشەر بەتۆمەتی ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی دژبەری ڕێژیمی ئێران سزای ۱۰ساڵ و یەکڕۆژ بەندکردنی بەسەردا سەپێندرا و هەروەها لەماوەی بەندکردنیدا لە بەندیخانە دۆخی تەندروستیی تێک چووە و داواکاری مەرەخەسی ڕەت کراوەتەوە و بەهۆی ئەوەیکە مافی پارێزراو نەبووە مانی لەخواردن گرتووە و هەتا هەوڵی داوە لەڕێگەی خواردنی حەبەوە کۆتایی بەژیانی خۆی بهێنێت.
شایانی باسە کە، ماڵپەڕی خۆڕاگری لەسەر ناوبراو لە هەموو کاتەکاندا هەواڵ و زانیاریی ڕاست و وردی بڵاو کردووەتەوە و بۆ بەردەتسبوونی هەواڵ و زانیاری لەسەر ئەو بەندکراوە سیاسییە، لە خۆڕاگری گەڕان بکە.