دەسبەسەرکردنی چالاکوانێکی ژینگەپارێزی خەڵکی سنە لەلایەن ڕێژیمەوە

خۆڕاگری: چالاکوانێکی ژینگەپارێزی خەڵکی سنە بەناوی “ئومید ئەحمەدی” لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامییەوە دەسبەسەر کراوە.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی چوارشەممە، ٣ی گەلاوێژی ١٤٠٣ی هەتاوی، هێزە داگیرکەرەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە شاری سنە، ئومید ئەحمەدی هاووڵاتیی خەڵکی ئاوایی “نگڵ”ـی سەربەو شارەیان بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و یاسایی دەسبەسەر کردووە و گواستوویانەوەتە بۆ شوێنێکی نادیار.

تاکاتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵە هیچ زانیارییەکی ڕاست و دروست لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردن، شوێنی ڕاگیران و هەروەها چارەنووسی لە بەردەستدا نییە و هەوڵ و بەدوداچوونی بنەماڵەکەشی بێئاکام ماوەتەوە و ناوەندە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمیش لەو شارە لەو بارەیەوە هیچ وڵامێکی ئەو بنەماڵەیان نەداوەتەوە  و ئەوەش بووەتە هۆی نیگەرانییان.