لەیادی ١٢ی جۆزەردان، ڕۆژی بەندکراوانی سیاسیی کە هاوکاتە لەگەڵ لە سێدارەدانی ٥٩لاوی مەهاباد ڕێوڕەسمێکی بەشکۆ بەڕێوەچوو

خۆڕاگری: ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە یادی ١٢ی جۆزەردان ڕۆژی بەندکراوانی سیاسی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە هاوکاتە لەگەڵ لەسێدارەدانی ٥٩لاوی خەڵکی شاری مەهاباد، ڕێوڕەسمێکی بەشکۆیان بەڕێوەبرد.

ڕۆژی یەکشەممە، ١١ی جۆزەردانی، ١٤٠٤ی هەتاوی، بەبۆنەی ١٢ی جۆزەردانی ڕۆژی بەندکراوانی سیاسیی کورد کە لەوڕۆژەدا ٥٩لاوی خەڵكی شاری مەهاباد لەلایەن ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە سێدارە دران، لەلایەن ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە بەشداری ئەندامانی ئەنجۆمەن و بنەماڵەی بەندکراوانی سیاسیی و بەندکراوانی سیاسی پێشوو وکەسایەتییە سیاسییەکان ڕێوڕەسمێکی بەشکۆ بەڕێوە چوو و، سەرەتای ڕێوڕەسمەکە بە سروودی نەتەوایەتیی ئەی‌ڕەقیب و ساتێک بێدەنگی بۆ گیانی پاکی شەهیدانی کورد و کوردستان دەستی پێکرد.

دواتر پەیامی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لەلایەن بەڕێز سەلاح خزرپوور، بەرپرسی ئەنجومەن، پێشکەش بە بەشداربووان و ناوبراو باسێکی لە مێژووی ١٢ی جۆزەردان کرد کە ٥٩ی لاوی خەڵکی شاری مەهاباد لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە بەبێتاوان گولـلەباران کران و هەروەها تیشکی خستە جینایەتەکانی ڕێژیمی ئێران کە دەرحەق بە مافی و ئازادییەکانی گەڵی کورد دەیکات.

لە دریژەی ڕێوڕەسمەکەدا، بەڕێز مستەفا شێخە، بەندکراوی سیاسیی پێشوو، بیرەوەرییەکی خۆی لەەکاتی بەندکردنیدا بۆ بەشداربووان گێڕایەوە و دواتر چەند سروود و شێعرێکی شۆڕشگێڕی لەلایەن هونەرمەندی ناوداری کورد مامۆستا لالۆ ڕەنجدەرەوە پێشکەش کرا و هەروەها لە بڕگەیەکی دیکەی ڕێوڕەسمەکەدا لەلایەن ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە ڕێزنامەیەک ئامادە کرابوو کە دەقەکەی لەلایەن شێرکۆ شێخاڵییەوە پێشکەش کرا.

لە کۆتاییدا شێعرێک بەناوی “مەهابادی” سەربەرز لەلایەن بەڕێز کۆماری بەهارییەوە پێشکەش کرا و پاشان ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان وەک نەریتی ساڵانە ڕێزنامەی پێشکەش بەچەند بەندکراوی سیاسیی پێشوو کرد کە بریتین لە: بنەماڵەی شەهید عەلی بایزیدپوور ناسراو بە “عەلی جۆڵا”، سۆعدا خەدیرزادە، گوڵاڵە مورادی، ئەحمەد حەسە‌نزادە و سەید محەممەد حوسێنی کرد و ئەو ڕێزنامانە لەلایەن بەڕێز شارۆخ حەسەنزادەوە بەرپرسی ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان پێشکەش کرا.