خۆڕاگری:بە پێی ئامارە تۆمار کراوەکانی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە یەک مانگی ڕابردوو دا، واتە مانگی خەزەڵوەری ١٤٠٣ی هەتاوی ٤٠ کەس لە چالاکانی سیاسی و مەدەنی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بە تۆمەتی چالاکی مەدەنی، دژایەتی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی و هاوکاری لەگەڵ حیزبە کوردییەکانی دژبەری کۆماری ئیسلامی ئێران دەستبەسەر و ڕەوانەی گرتنگە ئەمنییەکانی ئیدارەی ئیتلاعات و ئیتلاعاتی سپای پاسداران کراون، کە بەشێکیان دوای تەواو بوونی لێکۆلینەوە بە بارمتەی قورس ئازاد کراون و بەشێکیان تا ئێستا لە ژێر لێکۆڵینەوە دان وچارەنووسیان ناڕوونە.
هەروەها بە پێی ئامارە تۆمارکراوەکانی ئەنجومەن لە مانگی خەزەڵوەری ١٤٠٣ی هەتاوی دا، ٢٠ کەس لە چالاکانی سیاسی و مەدەنی لە شارە جیاکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە پێشتر لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکان دەستبەسەر و لێکۆلینەوەیان لێکراوە،لەلایەن دادگای بە ناو شۆڕشی کۆماری ئیسلامی ئێران کەیسەکانیان یەک لایی کراوەتەوە و سزای بەندکرانیان و پێبژاردنیان بەسەر دا سەپێندراوە. بە شێوەیەکی گشتی ئەو سەزا دراوانە لە سەر یەک بە ٤٩ ساڵ و١٠ مانگ بەندکرانی تەعزیری و پێبژاردن مەحکووم کراون. هەروەها لە کۆی ئەو حوکم دراوانە ٥ کەسیان سزای ناعادلانەی سێدارەیان بەسەر دا سەپێندراوە. پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە لایەن کۆماری ئیسلامی بەردەوامە و ڕۆژبەڕۆژ لە زیاد بوون دایە.