خۆڕاگری: فەرەیدوون سوڵتانی، هاووڵاتیی خەڵکی ناوچەی هەوشار لەلایەن هێزە داگیرکەرەکانی کۆماری ئیسلامییەوە دەسبەسەر کراوە.
بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی هەینی، ٢ی سەرماوەزی ١٤٠٣ی هەتاوی، فەرەیدوون سوڵتانی، هاووڵاتیی خەڵكی شاری “تیکاب”ـی سەربە ناوچەی هەوشار، لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی کۆمای ئیسلامیی ئێرانەوە پاش چەندجار هەڕەشەکردن لێی، بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و یاسایی دەسبەسەر کراوە و گوازراوەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.
ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران چەندجارێک ناوبراویان بانگ کردووە بۆ ئەو ناوەندە و بەتوندی هەڕەشەیان لێکردووە پاشان بە ژمارەیەک هێزی سەرکوتکەری ئەو ناوەندە هەڵیانکوتاوەتە سەر فەرەیدوون و بەشێوەیەکی دڕەندانە دەسبەسەریان کردووە و هاوکات دەستیان بەسەر کەلوپەلی تایبەتیشیدا وەکوو مۆبایل و ماشێنەکەیدا گرتووە و هەروەها تائێستا هیچ زانیارییەکی ڕاست و دروست لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردن، شوێنی ڕاگیران و چارەنووسی لە بەردەستدا نییە.