هاووڵاتییەکی دەسبەسەرکراوی خەڵکی شنۆ بەشێوەی کاتیی ئازاد کرا

خۆڕاگری: یوسف حاجی‌خۆش، هاووڵاتیی دەسبەسەرکراوی خەڵکی شنۆ پاش نزیکەی یەک مانگ ڕاگیران بە دانانی بارمتەی قورس ئازاد کراوە.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی پێنجشەممە، ١٠ی جۆزەردانی ١٤٠٣ی هەتاوی، یوسف حاجی‌خۆش، هاووڵاتیی دەسبەسەرکراوی خەڵکی گوندی “کۆنەقەڵا”ـی سەربە شاری شنۆ، پاش تێپەڕبوونی نزیکەی یەک مانگ دەسبەسەربوون، بەدانانی بارمتەی قورس بە بڕی ١ملیار دتمەن و بەشێوەی کاتیی تاکاتی دادگاییکردنەکەی لە بەندیخانەی ناوەندی شنۆ ئازاد کراوە.

ناوبراو ڕۆژی سێشەممە، ١٣ی بانەمەڕی ئەمساڵ لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە بەبێ بوونی هێج بەڵگەنامەیەکی قەزایی و یاسایی دەسبەسەر کرا و پاش لێکۆڵینەوە و لێپێچینەوە لە گرتنگەیەکی ڕێژیم لە ورمێ، گوازرایەوە بۆ بەندیخانەی شنۆ و هەروەها تائێستا هیچ زانیارییەکی ڕاست و دروست لەسەر هۆکاری دەسبەسەربوون و چارەنووسی لە بەردەستدا نییە.