مامۆستایەکی دەسبەسەرکراوی خەڵکی ئاودانان بە پێبەندی ئەلیکترۆنی ئازاد کرا

خۆڕاگری: ئەحمەد عەلیزادە، مامۆستای قوتابخانە و دەسبەسەرکراوی خەڵکی ئاودانان، پاش تێپەڕبوونی ٧ مانگ لە ماوەی بەندکردنەکەی بە پێبەندی ئەلیکترۆنییەوە لە بەندیخانە ئازاد کرا.

ڕۆژی شەممە، ٢٦ی جۆزەردانی ١٤٠٣ی هەتاوی، ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕایگەیاند: ئەحمەد عەلیزادە، لە مامۆستایانی فەرمانگەی پەروەردە و بارهێنانی شاری “ئاودانان”ـی سەربە پارێزگای ئیلام کە لە درێژەی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادیدا دەسبەسەر کرابوو و سزای ٢٧ مانگ بەندکردنی بەسەردا سەپێنرابوو، پاش تێپەڕکردنی ٧ مانگ بەندکردن لە بەندیخانەی “دەڕە شار”ـی پارێزگای ئیلام، بە پێبەندی ئەلیکترۆنی ئازاد کرا و ٢٠ مانگ لە ماوەی بەندکردنەکەی لە دەرەوەی بەندیخانە و بە سنووردارکردنی هاتووچۆی هەزار مەتری لە ماڵەکەی بە تێپەڕ دەکات.

مامۆستا ئەحمەد عەلیزادە، تەمەن ٥١ ساڵ، ڕۆژی شەممە ١٣ی خەزەڵوەری ساڵی ڕابردوو، دوای بانگکردنی بۆ لقی جێبەجێکردنی سزاکانی دادگای گشتی و ئینقلابی کۆماری ئیسلامی لە ئاودانان، دەسبەسەر کرا و گوازرایەوە  بۆ بەندیخانە و هەروەها پێشتریش لەلایەن دادگای ئینقلابی ڕێژیمەوە لە ئیلام بەتۆمەتەکانی بانگەشە بەدژی کۆماری ئیسلامی و تێکدانی ئاسایشی گشتی، سزای ٢٧ مانگ بەندکردنی بەسەردا سەپێندرا.