دوو برای خەڵکی کرماشان لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە دەسبەسەر کران

خۆڕاگری: دوو برای خەڵکی کرماشان و پەیڕەوی ئایینیی یارسان بەناوەکانی “پووریا و شوجاع مینەتی مەنجێقتەپە”، جارێکی دیکە دەسبەسەر کران و گوازرانەوە بۆ شوێنێکی نادیار.

ڕۆژی شەممە، ٢٦ی جۆزەردانی ١٤٠٣ی هەتاوی، ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕایگەیاند:  پووریا مینەتی و شوجاع مینەتی، دوو برای بەندکراوی خەڵکی “سەحنە”ـی سەربە پارێزگای کرماشان و پەیڕەوی ئایینیی یارسان، کە سەرقاڵی تێپەڕاندنی ماوەی سزای بەندکردن بوون بەشێوەی بڕیاری کراوە، دوای ناسینی ڕۆژانەی خۆیان بە بەندیخانەی “کانی چەرموو”ـی کرماشان، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامییەوە دەسبەسەر کران و گوازرانەوە بۆ شوێنێکی نادیار.

ئەو دوو برایە، پێشتر بەهۆی بەشداریکردنیان لە ڕێوڕەسمی ٢١ـەمین ساڵیادی کۆچی دوایی سەیدخەلیل عالینژاد، هونەرمەند و کەسایەتیی ناسراوی کۆمەڵگەی یارسان لە مانگی خەزەڵوەری ١٤٠١ی هەتاوی و هاوکات لەگەڵ شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە دەسبەسەر کران و دوای ماوەیەک سزاە بەندکردنیان بەسەردا سەپێندرابوو.

شایانی باسەکە، بەتۆمەتی تێکدان و ئاڵۆزکردنی شەقامی گشتی و ئاژاوەگێڕی و توندوتیژی بەرانبەر بە خەڵک، لەلایەن لەقی ٢ی دادگای تاوانەکانی ڕێژیمەوە لە کرماشان، سزای ١ساڵ بەندکردن و لێدانی ٧٤ قامچییان بەسەردا سەپێندرا.