مامۆستایەکی زمانی کورد کە لەلایەن ڕێژیمەوە دەسبەسەر کرابوو بە بارمتە ئازاد کرا

خۆڕاگری: سووسەن حەسەنزادە، مامۆستای زمانی کوردیی خەڵکی بۆکان پاش نزیکەی مانگێک دەسبەسەربوون، بە دانانی بارمتە و بەشێوەی کاتیی ئازاد کرا.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی چوارشەممە، ٢٣ی جۆزەردانی ١٤٠٣ی هەتاوی، سووسەن حەسەنزادە، چالاکوانی مەدەنی و مامۆستای زمانی کوردیی خەڵکی شاری بۆکان پاش ٢٨ ڕۆژ دەسبەسەربوون، بە دانانی بارمتەی قورس بە بڕی ٨٠٠ ملیۆن تمەن و بەشێوەی کاتیی تا کاتی دادگاییکردنەکەی لە بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ ئازاد کراوە.

مامۆستا سووسەن، ڕۆژی چوارشەممە، ٢٦ی بانەمەڕی ١٤٠٣ی هەتاوی، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە کە هەڵیانکوتایە سەرماڵەکەیان، بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و یاسایی بەشێوەیەکی دڕەندانە دەسبەسەر کرا و هەروەها لە ماوەی دەسبەسەربوونیدا لە مافی دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش کراوە تەنیا ڕێگەی پێدراوە لەڕێگەی تەلەفوونەوە پەیوەندی بە بنەماڵەکەیەوە بکات.