دەسبەسەرکردنی بەندکراوێکی سیاسیی پێشووی کورد لەلایەن ڕێژیمەوە

خۆڕاگری: ڕەزا عێزەت‌تاج، بەندکراوی سیاسیی خەڵکی شنۆ، لەلایەن سپای تێرۆریستی پاسدارانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کرا.
بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی شەممە، ۱۷ی جۆزەردانی ۱٤۰٤ی هەتاوی، ڕەزا عێزەت‌تاج، هاووڵاتیی خەڵکی گوندی “شاهوانە”ـی سەربە شاری شنۆ کە پێشتر بەنکراوی سیاسیی بوو لە بەندیخانەکانی ورمێ و نەغەدە، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ئیتلاعاتی سپای تێرۆریستی پاسدارانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە دەسبەسەر کراوە و گوازراوەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.
هێزە سەرکوتکەرەکانی ئیتلاعاتی سپای تێرۆریستی پاسداران بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و یاسایی هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی ناوبراو و بەشێوەیەکی دڕەندانە دەسبەسەریان کردووە و تائێستا هی زانیارییەکی ڕاست و دروست لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردن، شوێنی ڕاگیران و چارەنووسی لەبەر دەستدا نییە.