چالاکوانێکی دەسبەسەرکراوی خەڵکی دێولان بەدانانی بارمتە ئازاد کرا

خۆڕاگری: چیاکۆ ڕەوشەنی، هاووڵاتیی دەسبەسەرکراو و چالاکوانی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکانی خەڵکی دێولان پاش ٢حەفتە ڕاگیران بە دانانی بارمتە و بەشێوەی کاتیی ئازاد کرا.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی دووشەممە، ٣٠ی ڕەزبەری ١٤٠٣ی هەتاوی، چیاکۆ ڕەوشەنی، چالاکی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان (بلاگر)ـی خەڵکی شاری دێولان پاش زیاتر لە ٢حەفتە ڕاگیران، بەشێوەی کاتیی و بە دانانی بارمتە تا کاتی دادگاییکردنەکەی لە بەندیخانەی ئازاد کرا.

ناوبراو بە تۆمەتی هاوکاریکردنی یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی دژبەری کۆماری ئیسلامی لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامییەوە دەسبەسەر کراوە و پێشتریش چەندجارێکی دیکە دەسبەسەر کراوە و لەژێر لێکۆڵینەوە و لێپێچینەوەی تونددا بووە و هەروەها کۆتاجار ڕۆژی یەکشەممە، ١٥ی ڕەزبەری ئەمساڵ، لە ڕێگای نێوان سنە بۆ دێولان لەلایەن هێزە داگیرکەرەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کرابوو.