ئاماری دەستبەسەر کراوان و حوکم دراوانی چالاکانی سیاسی و مەدەنی لە مانگی ڕەزبەری١٤٠٣ی هەتاوی،بە پێی ئامارە تۆمارکراوەکانی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان

خۆڕاگری:بە پێی ئامارە تۆمار کراوەکانی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە یەک مانگی ڕابردوو دا، واتە مانگی ڕەزبەری ١٤٠٣ی هەتاوی ٢٧ کەس لە چالاکانی سیاسی و مەدەنی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بە تۆمەتی چالاکی مەدەنی، دژایەتی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی و هاوکاری لەگەڵ حیزبە کوردییەکانی دژبەری کۆماری ئیسلامی ئێران دەستبەسەر و ڕەوانەی گرتنگە ئەمنییەکانی ئیدارەی ئیتلاعات کراون، کە بەشێکیان دوای تەواو بوونی لێکۆلینەوە بە بارمتەی قورس ئازاد کراون و بەشێکیان تا ئێستا لە ژێر لێکۆڵینەوە دان وچارەنووسیان ناڕوونە.

هەروەها بە پێی ئامارە تۆمارکراوەکانی ئەنجومەن لە مانگی ڕەزبەری ١٤٠٣ی هەتاوی دا،١٦ کەس لە چالاکانی سیاسی و مەدەنی لە شارە جیاکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە پێشتر لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکان دەستبەسەر و لێکۆلینەوەیان لێکراوە،لەلایەن دادگای بە ناو شۆڕشی کۆماری ئیسلامی ئێران کەیسەکانیان یەک لایی کراوەتەوە و سزای ئێعدام و بەندکران و قامچیان بەسەر دا سەپێندراوە. بە شێوەیەکی گشتی ئەو سەزا دراوانە لە سەر یەک بە ٢٣ ساڵ و١ مانگ بەندکرانی تەعزیری و١ ساڵ بەندکرانی هەڵپەسێردراو و لێدانی ٧٠ قامچی مەحکووم کراون.شایانی باسە کە بەندکراوی سیاسی “حەمید حوسێن نەژاد”خەڵکی چاڵدۆڕانی سەر بە پارێزگای ورمێ بە تۆمەتی بەغی و ئەندامەتی لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری کۆماری ئیسلامی حوکمی ئێعدامی بەسەر دا سەپێندراوە. پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە لایەن کۆماری ئیسلامی بەردەوامە و ڕۆژبەڕۆژ لە زیاد بوون دایە.