هاووڵاتییەکی خەڵکی مەریوان نزیکەی ٣مانگە دەسبەسەرە و چارەنووسی نادیارە

خۆڕاگری: جەسیم حاسڵی، وەرزشوان و قارەمانی مووی‌تای‌ی خەڵکی مەریوان ماوەی نزیکەی ٣مانگە لەلایەن ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراوە و چارەنووسی ناڕوونە.

ڕۆژی دووشەممە، ٣٠ی ڕەزبەری ١٤٠٣ی هەتاوی، ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕایگەیاند: جەسیم حاسڵی، هاووڵاتیی خەڵكی شاری مەریوان، وەرشوانی و قارومانی بواری مووی‌تای و کیک‌بۆکسینگ، مماوەی ٢مانگ و ٢٠ڕۆژە لە یەکێک لە گرتنگەکانی ئیتلاعاتی سپای تێرۆریستی پاسدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە لە سنە دەسبەسەر کراوە و چارەنووسی ناڕوونە.

ناوبراو لەو ماوەیەدا کە دەسبەسەرکراوە، لە مافی چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی و دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەش کراوە و لە ژێر لێکۆڵینەوە و لێپێچینەوە ئیتلاعاتی سپای تێرۆریستی پاساداراندایە و ناوندە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم لەو بارەیەوە هیچ زانیارییەکیان بە بنەماڵەکەی نەداوە و هەوڵ و بەدواداچوونی بنەماڵەکەشی بێئاکام ماوەتەوە و تائێستا هیچ زانیارییەکی ڕاست و دروست لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردن و چارەنووسی لە بەردەستدا نییە.