هاووڵاتییەکی دەسبەسەرکراوی خەڵکی سنە بەشێوەی کاتیی ئازاد کرا

خۆڕاگری: ئومێد مەجیدی، هاووڵاتیی خەڵکی سنە و هونەرمەندی شێوازی “ڕەپ” پاش زیاتر لە ١٠ڕۆژ دەسبەسەربوون، بەشێوەی کاتیی لە بەندیخانە ئازاد کراوە.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی دووشەممە، ٦ی سەماوەزی ١٤٠٢ی هەتاوی، ئومێد مەجیدی، هونەرمەنی “ڕەپێر”ـی خەڵکی شاری سنە پاش ١٢ڕۆژ دەسبەسەربوون و کۆتایی قۆناغی لێکۆڵینەوە، بە دانانی بارمتەی قورس بە بڕی پێنجسەد ملیۆن تمەنی و بەشێوەی کاتیی تا کاتی دادگاییکردنەکەی لە بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە ئازاد کراوە.

هەروەها ناوبراو ڕۆژی چوارشەممە، ٢٤ی مانگی خەزەڵوەری ئەمساڵ، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامییەوە لەو شاری سنە بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و یاسایی دەسبەسەر کراوە و ناوبراو هونەرمەندی شێوازی “ڕەپ”ـە کە دژبە دەسەڵاتی ڕێژیمی ئێران چەند تراکێکی بڵاو کردۆتەوە و بەو هۆیەشەوە بووە کە دەسبەسەر کراوە.