دەسبەسەرکردنی مێرمنداڵێکی خەڵکی مەهاباد لەلایەن ڕێژیمەوە

خۆڕاگری: ڕامیار ئەبووبەکری، مێرمنداڵی خەڵکی خەڵکی مەهاباد و برای یەکێک لە شەهیدانی شۆڕشی ژینا لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کرا.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی سێشەممە، ١٣ی خەرمانانی ١٤٠٣ی هەتاوی، ڕامیار ئەبووبەکری، مێرمنداڵی تەمەن ١٦ساڵانی خەڵکی شاری مەهاباد برای “زانیار ئەبووبەکری”، یەکێک لە شەهیدانی شۆڕشی ژینا، لەلایەن هێزە داگیرکەرەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی  یاسایی دەسبەسەر کراوە و گوازراوەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.

هێزە داگیرکەرەکانی کۆماری ئیسلامی بەشێوەیەکی دڕەندانە و بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەک هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی ئەو مێرمنداڵە و بە بەکارهێنانی کردەوەی توندوتیژی  دەسبەسەریان کردووە  و ڕفاندوویانە بۆ شوێنێکی نادیار و هاوکات توندوتیژییان بەرانبەر بە دایک و بابیشی بەکار هێناوە.

جێی ئاماژەیە کە، ڕامیار لە پاش دەسبەسەرکردنییەوە تائێستا هیچ زانیارییەکی ڕاست و دروست لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردن، شوێنی ڕاگیران و چارەنووسی لە بەردەستدا نییە و هەوڵ و بەدوداچوونی بنەماڵکەشی بێئاکام ماوەتەوە و ناوەندە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمیش لەو بارەیەوە هیچ وڵامێکی ئەو بنەماڵەیان نەداوەتەوە و ئەوەش بووەتە هۆی نیگەرانییان.