کوڕی شەهیدێکی شۆڕشی ژینا لەلایەن ڕێژیمەوە لە مەهاباد دەسبەسەر کرا

خۆڕاگری: سیاوەش سوڵتانی، هاووڵاتیی خەڵکی مەهاباد و کوڕی یەکێک لە ژنە شەهیدەکانی شۆڕشی ژینا لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامییەوە دەسبەسەر کراوە.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری”  ڕۆژی سێشەممە، ١٣ی خەرمانانی ١٤٠٣ی هەتاوی، سیاوەش سوڵتانی، هاووڵاتیی خەڵکی شاری مەهاباد و کوڕی “کوبرا شێخە”، یەکێک لە شەهیدانی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی، لەلایەن هێزە داگیرکەرەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و یاسایی بەشێوەیەکی دڕەندانە دەسبەسەر کراوە و گوازراوەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.

 هێزە چەکدارە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامی بەبێ بوونی هیچ بەڵگە و فەرمانێکی دادگا هەڵیانکوتاوەتە سەرماڵی ناوبراو و بە بەکارهێنانی کردەوەی توندوتیژی و لێدان دەسبەسەریان کردووە و لەگەڵ خۆیان ڕفاندوویانە بۆ شوێنێکی نادیار کە تائێستا چارەنووسی نادیارە و هیچ زانیارییەکی ڕاست و دروست لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردن، شوێنی ڕاگیران و چارەنووسی لە بەردەستدا نییە و هەوڵ و بەدوادچوونی بنەماڵەکەشی بێئاکام ماوەتەوە.