دەسبەسەرکردنی هاووڵاتییەکی خەڵکی دیواندەرە لەلایەن ڕێژیمەوە

خۆڕاگری: هاووڵاتییەکی خەڵکی دیواندەرە بەناوی “مزەفەر دارایی” لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامییەوە دەسبەسەر کرا.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی یەکشەممە، ١٨ی خەرمانانی ١٤٠٣ی هەتاوی، مزەفەر دارایی، هاووڵاتیی خەڵکی شاری دیواندەرە لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ئیتلاعاتی سپای تێرۆریستی پاسدارانەوە بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و یاسایی دەسبەسەر کراوە.

هێزە سەرکوتکەرەکانی سپای تێرۆریستی پاسدارانی ڕێژیمی ئێران، بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەک هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی ئەو هاووڵاتییە بە تەواوی ماڵەکەیان پشکنیوە و دواتر بە شێوەیەکی دڕەندانە ناوبراویان دەسبەسەر کردووە و ڕفاندوویانە بۆ شوێنێکی نادیار.

جێی ئاماژەیە کە، تاکاتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەکی ڕاست و دروست لەسەر هۆکاری دەسبەسەربوون، شوێنی ڕاگیران و هەروەها چارەنووسی مزەفەر دارایی لە بەردەستدا نییە و هەوڵ و بەدواداچوونی بنەماڵەکەشی بێئاکام ماوەتەوە.