دەسبەسەرکردنی چالاکوانێکی خەڵکی مەریوان لەلایەن ڕێژیمەوە

خۆڕاگری: شێرکۆ کانی‌سانانی، چالاکوانی ژینگەپارێزی خەڵكی مەریوان لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە دەسبەسەر و گوازراوەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.

 بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی سێشەممە، ٢ی بەفرانباری ١٤٠٤ی هەتاوی “٢٣ی دێسامبری ٢٠٢٥ی زایینی”، شێرکۆ کانی‌سانانی، وێنەگر و چالاکی ژینگەپارێزی خەڵکی شاری مەریوان پاش گەڕانەوەی لە ڕێوڕەسمی چالاکانی ژینگەپارێزی و بەشداریکردن لە هەڵمەتی زاگرۆسانە کە لە گوندی نێ بەڕێوەچووە، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەک دەسبەسەر کراوە گوازراوەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.

هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم بەشێوەیەکی دڕەندانە هەڵیانکوتاوەتە سەر ئەو چالاکوانە و بەبێ بوونی هیچ بەگەیەکی قەزایی و یاسایی دەسبەسەریان کردووە و ڕفاندوویانە بۆ شوێنێکی نادیار و تائێستا هیچ زانیارییەکی ڕاست و دروست لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردن، شوێنی ڕاگیران و چارەنووسی لەبەردەستدا نییە و هەوڵ و بەدوداچوونی بنەماڵەکەشی بێئاکام ماوەتەوە.

ئەو چالاکوانە کە لە چالاکیی هەڵمەتی زاگرۆسانەدا گەڕاوەتەوە دەسبەسەر کراوە. هەڵمەتی زاگرۆسانە، بەرنامەیەکە کە ساڵانە لە گۆڕەپانی ژینگەپارێزیدایە کە لەلایەن ڕێکخراوە مەدەنییەکان، وەک ڕێکخراوەی سەوزی چیا، بە ئامانجی ئاگایی کۆمەڵگە و بڵاوکردنەوەی فەرهەنگی پارێزگاری لە ژینگەی زاگرۆس لە کاردانەوەی هەڕەشەگەلێکی بەرین وەک ئاگرکەوتنەوە بەئەنقەستەکان، گۆڕان و بەکارهێنانی زەوی و دارستانەکان، پەرەپێدانی کانگاکان، دروستکردنی بەنداو و وەبەرهێنانەوەی ناپایەدار لە سامانە سرووشتییەکان، بە بەشداری خۆبەخشیی خەڵک بەڕێوە دەچێ.