هاووڵاتییەکی خەڵکی مەهاباد بەمەبەستی تێپەڕاندنی سزاکەی دەسبەسەر کرا

خۆڕاگری: هاووڵاتییەکی خەڵکی مەهاباد بەناوی “ئیسماعیل دوودکانلووی میلان” کە یەکێکە لە دەسبەسەرکراوانی شۆڕشی ژینا، بە مەبەسەتی جێبەجێکردنی سزای بەندکردن لەلایەن ڕێژیمەوە دەسبەسەر کرا.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی یەکشەممەی حەوتووی ڕابردوو، ٩ی بانەمەڕی ١٤٠٣ی هەتاوی، ئیسماعیل دوودکانلووی میلان، هاووڵاتیی خەڵکی گوندی “کۆسەکەریزە”ـی سەربە شاری مەهاباد و یەکێک لە دەسبەسەرکراوانی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی، بەمەبەستی جێبەجێکردنی سزای بەندکردنەکەی، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە دەسبەسەر کرا و گوازرایەوە بۆ بەندیخانەی ناوەندی مەهاباد.

ناوبراو ساڵی ڕابردوو بەهۆی ئەوەیکە بەشداری لە خۆپیشاندانە سەرانسەرییەکانی شۆڕشی ژینادا کردبوو، لەلایەن دادگای ئینقلابی ئیسلامی ڕێژیمی ئێرانەوە لە شاری مەهاباد، سزای ١ساڵ و ٣مانگ بەندکردنی بەسەردا سەپێندرا و هەروەها پێشتر کە دەسبەسەرکراوبوو، پاش مایەک بەدانانی بارمتە و بەشێوەی کاتیی تاکاتی دادگاییکردنەکەی ئازاد کرابوو.