دەسبەسەرکردنی ٧هاووڵاتیی خەڵکی ناوچەی هەوشار لەلایەن ڕێژیمەوە

خۆڕاگری: ٧هاووڵاتیی خەڵکی ناوچەی ناوچەی هەوشار، لە ئاکامی کێشەکانی کانگایەکی نزیک ئاوایی “ئەحمەدئاوا” لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامییەوە دەسبەسەر کراون.

ڕۆژی دووشەممە، ١٧ی ڕەزبەری ١٤٠٢ی هەتاوی، ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا،  ٧هاووڵاتیی خەڵکی ئاوایی “ئەحمەدئاوا”ـی سەربە شاری تیکاب لە ناوچەی هەوشار، لەسەر دەرەنجامی کێشەی کانگایەکی بەردی ئەو گوندە کە ناڕەزایەتییان دەربڕیبوو، لەلایەن هێزە داگیرکەرەکانی کۆماری ئیسلامییەوە دەسبەسەر کراون و گوازراونەتەوە بۆ بەندیخانەی شاری میاندواو.

ئەو ٧هاووڵاتییە کە دەسبەسەر کراون، ناوەکانیان بریتین لە: عەلی برادەران، عەلی سەروی، عارف زەمانی، ئەمین قارەمانی، مەعرووف سالمی، زاهید مەجنوونی و مەهدی مەجنوونی، ئەو کەسانەن کە ناڕەزایەتییان لەسەر بەردەوامیی کارکردنی نایاسایی ئەو گانگایە دەربڕیوە کە ئەو گانگایە تەنیا زیانی بۆ ئەوان هەیە و تەنانەت کرێکارەکانیشیان خەڵکی ناوچەکە نین، بۆیە کە ناڕەزایەتییان دەربڕیوە، هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم دەسبەسەر کردوون.

هاووڵاتییانی ئاوایی ئەحمەدئاوا باس لەوە دەکەن کە؛ بەهۆی ئەو کانگایەوە کە تازە لە نزیک ئاواییەکەیان کەوتۆتە کار، ئاوی خواردنی ئەو گوندە و چەند گوندێکی دیکەی دەوروبەری بڕاوە و لە ئەگەری بەردەوامبوونی ئەو کانگایە، لە داهاتوویەکی نزیکدا سەرچاوەی ئاوی ئەو ناوچەیە بەتەواوی وشک دەبن.

جێی ئاماژەیەوە کە، ئەو ٧ هاووڵاتییە پاش ئەوەیکە لەلایەن هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامییەوە دەسبەسەر کراون، گوازراونەتەوە بۆ بەندیخانەی شاری میاندواو و هەروەها بارودۆخی تەندروستیی یەکێک لەو دەسبەسەرکراوانە بەهۆی ئەوەیکە نەخۆشیی دڵی هەیە جێگیر نییە.