هاووڵاتییەکی دەسبەسەرکراوی خەڵکی سەقز پاش زیاتر لە مانگێک چارەنووسی ناڕوونە

خۆڕاگری: فەرشاد شوکروڵڵا، هاووڵاتیی دەسبەسەرکراوی خەڵکی سەقز ماوەی ٤٧ڕۆژە لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامییەوە دەسبەسەر کراوە و چارەنووسی نادیارە.

ڕۆژی پێنجشەممە، ٢٤ی خەزەڵوەری ١٤٠٣ی هەتاوی، ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕایگەیاند: ماوەی ١مانگ و نیو لەمەوبەر هێزە داگیرکەرەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە شاری سەقز، فەرشاد شوکروڵڵا هاووڵاتیی خەڵکی ئەو شارەیان بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و یاسایی دەسبەسەر کردووە و تائێستا لە گرتنگەیەکی ڕێژیم لە شاری سنە ڕاگیراوە و چارەنووسی نادیارە.

ناوبراو لە پاش دەسبەسەرکردنییەوە تائێستا سەرەڕای زیاتر لە مانگێک کە لە گرتنگەیەکی ڕێژیم لە سنە ڕاگیراوە، لەمافی چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی و دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەری کراوە و تائێستا هیچ زانیارییەکی ڕاست و دروست لەسەر هۆکاری دەسبەسەربوون و چارەنووسی لە بەردەستدا نییە و هەروەها ڕۆژی شەممە، ٧ی ڕەزبەری ئەمساڵ لەلایەن ‌‌هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامییەوە کە هەڵیانکوتایەوە سەر ماڵەکەی، بەشێوەیەکی دڕەندانە دەسبەسەر کرا.