خۆڕاگری: بەدرەدین جەعفەری، هونەرمەندی ناسراوی خەڵکی گیەڵان، بەهۆی بەشداریکردنی لە ڕێوڕەسمەکانی نەورۆز لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە دەسبەسەر کراوە.
بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی هەینی ١٤ی بانەمەڕی ١٤٠٣ی هەتاوی، لە بەردەوامیی دەسبەسەرکردنی هاووڵاتییانی کورد بەهۆی ڕێوڕەسمەکانی نەورۆز لەلایەن ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە، هێزە داگیرکەرەکانی ئیتلاعاتی سپای تێرۆریستی پاسداران هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی “بەردین جەعفەری” یەکێک لە هونەرمەندان و چالاکانی مەدەنی شاری گیەڵان و بەشێوەیەکی دڕەندانە دەسبەسەریان کردووە.
ئەو هونەرمەندە لە ڕێوڕەسمی نەورۆزی شاری گیەڵان کە سەرەڕایی هەڕەشەی ناوەندە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم بە بەشداری زیاتر لە ٣٠ هەزار کەس بەڕێوەچوو، چەندین سروودی نیشتمانیی وەکوو؛ “پایار بمێنی کوردستانەگەم”ـی خوێن و ئەوەش دەسەڵاتدارانی داگیرکەرەکانی تووڕە کرد.
جێی ئاماژەیە کە، بەردین جەعفەری سەرەڕایی چالاکی هونەری، لە بواری مەدەنیشدا چالاکی هەبووە و لە کاتی کۆکردنەوەی یارمەتی بۆ خەڵکی لێقەوماوی سەرپێڵ زەهاو و لافاوی لوڕستان ڕۆڵێکی کارای هەبووە.