چوار هاووڵاتیی خەڵکی دیواندەرە لەلایەن ڕێژیمەوە دەسبەسەر کران

خۆڕاگری: هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامی لە شاری دیواندەرە چوار هاووڵاتیی خەڵکی ئەو شارەیان بەناوەکانی نەوید شەریفی، فەرهاد قەمەری، محەممەد ئەمینی و فواد مورادی دەسبەسەر کردووە.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی یەکشەممە، ١٨ی خەرمانانی ١٤٠٣ی هەتاوی، لە بەرەبەری دووهەمین ساڵڕۆژی شەهیدکردنی “ژینا ئەمینی” بە دەستی هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامی و لە درێژەی شەپۆلی دەسبەسەرکردنی هاووڵاتییانی کورد لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە، نەوید شەریفی، فەرهاد قەمەری، محەممەد ئەمینی و فواد مرادی، چوار هاووڵاتیی خەڵکی دیواندەرە دەسبەسەر کراون.

هێزە داگیرکەرەکانی ئیتلاعاتی سپای تێرۆریستی پاسدارانی کۆماری ئیسلامی لە شاری دیواندەرە، شەپۆلێکی دەسبەسەرکردنی هاووڵاتییانیان دەستپێکردووە و تا ئێستا ناسناوی چوار لەو هاووڵاتییانە بە ناوەکانی محەممەد ئەمینی و نەوید شەریفی کە هەردوویان خەڵکی گوندی کانی سپی، فەرهاد قەمەری خەڵکی گوندی کوتەک و فواد مورادی خەڵکی گوندی کێلەکەوە پشتڕاستکراونەتەوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو چوار هاووڵاتییە بە بێ نیشاندانی هیچ بەڵگەنامەیەکی قەزایی و بە توندوتیژییەکی زۆرەوە دەسبەسەر کراون و ماڵەکانیشیان لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سپای تێرۆریستی پاسدارانەوە پشکێنراوە و تائێستا هیچ زانیارییەک لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردن، شوێنی ڕاگیران و هەروەها چارەنووسیان لە بەردەستدا نییە.