دەسبەسەرکردنی سێ هاووڵاتیی خەڵکی کرماشان لەلایەن ڕێژیمەوە

خۆڕاگری: سێ هاووڵاتیی خەڵکی کرماشان بەناوەکانی “سینا خامووشی، پەیمان شاهچراغی و سابیر ڕەوشەنی” لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامییەوە بەشێوەیەکی دڕەندانە دەسبەسەر کراون.

ڕۆژی پێنجشەممە، ١ی خەرمانانی ١٤٠٣ی هەتاوی، ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕایگەیاند: لەماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، هێزە داگیرکەرەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە کرماشان بەشێوەیەکی دڕەندانە و بەکار‌هێنانی کردەوەی توندوتیژی، سینا خامووشی، پەیمان شاهچراغی و سابیر ڕەوشەنی، ٣ هاووڵاتیی خەڵکی ئەو شارەیان دەسبەسەر کردووە کە ئەو سێ هاووڵاتییە هاوڕێی “ڕەزا ڕەسایی”، بەندکراوی سیاسیی کوردن، کە لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە لە سێدارە درا.

ئەو سێ هاووڵاتییە لە کاتی دەسبەسەرکردنیانییەوە تائێستا هیچ زانیارییەکی ڕاست و دروست لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردن، شوێنی ڕاگیران و هەروەها چارەنووسیان لەبەردەستدا نییە و هەوڵ و بەدوداچوونی بنەماڵەکەشیان بێئاکام ماوەتەوە و ناوەندە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانی‌ش لەو بارەیەوە هیچ زانیارییەکیان بە بنەماڵەکانیان نەداوە.