ئاماری دەستبەسەر کراوان و حوکم دراوانی چالاکانی سیاسی و مەدەنی لە مانگی گەلاوێژی١٤٠٣ی هەتاوی،بە پێی ئامارە تۆمارکراوەکانی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان

خۆڕاگری:بە پێی ئامارە تۆمار کراوەکانی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە یەک مانگی ڕابردوو دا، واتە مانگی گەلاوێژی ١٤٠٣ی هەتاوی ٥٧ کەس لە چالاکانی سیاسی و مەدەنی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بە تۆمەتی چالاکی مەدەنی، دژایەتی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی و هاوکاری لەگەڵ حیزبە کوردییەکانی دژبەری کۆماری ئیسلامی ئێران دەستبەسەر و ڕەوانەی گرتنگە ئەمنییەکانی ئیدارەی ئیتلاعات کراون، کە بەشێکیان دوای تەواو بوونی لێکۆلینەوە بە بارمتەی قورس ئازاد کراون و بەشێکیان تا ئێستا لە ژێر لێکۆڵینەوە دان وچارەنووسیان ناڕوونە.

هەروەها بە پێی ئامارە تۆمارکراوەکانی ئەنجومەن لە مانگی بانەمەڕی ١٤٠٣ی هەتاوی دا، ٨ کەس لە چالاکانی سیاسی و مەدەنی لە شارە جیاکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە پێشتر لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکان دەستبەسەر و لێکۆلینەوەیان لێکراوە،لەلایەن دادگای بە ناو شۆڕشی کۆماری ئیسلامی ئێران کەیسەکانیان یەک لایی کراوەتەوە و سزای ئێعدام بەندکرانیان و پێبژاردنیان بەسەر دا سەپێندراوە.

بە شێوەیەکی گشتی ئەو سەزا دراوانە لە سەر یەک بە ١٤ ساڵ و١١ مانگ بەندکرانی تەعزیری و ٣ ملیارد و ٤٦٢ ملیون تمەن پێبژاردن مەحکووم کراون. هەروەها “پەخشان عەزیزی” خەڵکی مەهاباد بە تۆمەتی بەغی لە ڕێگای ئەندامەتی لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری کۆماری ئیسلامی لە لایەن دادگای شوڕش سزای “ئێعدام”ی بەسەر دا سەپێندراوە.هەروەها لە مانگی ڕابردوو دا دوو بەندکراوی سیاسی و مەزهەبی کە پێشتر سزای ئێعدامیان بەسەر دا سەپێندرابووحوکمەکەیان جێبەجێ کرا،”کامڕان شێخە”بەندکراوی ئاینیی دوای ١٥ ساڵ لە بەندکرانی ڕۆژی ٤ی گەلاوێژ حوکمەکەی جێبەجێ کرا،”ڕەزا ڕەسایی” بەندکراوی سیاسی و لە دەسبەسەر کراونی شوڕشی ژینا خەڵکی سەحنەی سەر بە کرماشان ڕۆژی ١٦ی گەلاوێژی١٤٠٣ی هەتاوی حوکمەکەی جێبەجێ کرا. پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە لایەن کۆماری ئیسلامی بەردەوامە و ڕۆژبەڕۆژ لە زیاد بوون دایە.