هونەرمەندێکی دەسبەسەر کراوی خەڵکی هەرسین بەشێوەی کاتیی ئازاد کرا و چالاکیی هونەریشی لێ قەدەغە کرا

خۆراگری:  ڕەزا نەزەریی کاکاوەندی، هونەرمەندی خەڵکی هەرسین، پاش ماوەیەک دەسبەسەربوون بە دانانی بارمتە ئازاد کرا و چالاکیی هونەری لێ قەدەغە کرا.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆراگری” ڕۆژی پێنشەممە، ١٣ی ڕەزبەری ١٤٠٢ی هەتاوی، ڕەزا نەزەریی کاکاوەندی، هونەرمەندی بوارەکانی “دەرهێنەر، ئەکتەر و ئامادەکاری شانۆ”ـی خەڵکی شاری “هەرسین”ـی سەربە پارێزگای کرماشان کە نزیکەی ١٥ڕۆژ لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کرابوو، بە دانانی بارمتە ئازاد کرا و هەروەها چالاکیی هونەریشی لێ قەدەغا کراوە.

ڕەزا نەزەریی کاکاوەند، پاش ئەوەیکە بە دانانی بارمتە و بەشێوەی کاتیی لە بەندیخانە ئازاد کراوە، لەلایەن وەزارەتی ئیرشادی کۆماری ئیسلامییەوە چالاکیی هونەریی لێ قەدەغە کراوە و پێی ڕاگەیەندراوە کە نابێ بەهیچ شێوەیەک هیچ چالاکییەکی هونەری هەبێ و ئەو چالاکییانەی کە پێشتر کردوویەتی دەبێ ڕابگیرێن و نابێ بڵاو بکرێنەوە.

جێی ئاماژەیە کە، ئەو هونەرمەندە ڕۆژی پێنجشەممە، ٣٠ی خەرمانانی ئەمساڵ لە شاری کەرەج لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامییەوە دەسبەسەر کراوە و ڕۆژی ٨ی ڕەزبەری ئەم مانگە بە دانانی بارمتەی قورس بەبڕی ٢ملیارد تمەن بەشێوەی کاتیی لە بەندیخانەی تارانی گەورە تا کاتی دادگایی کردنەکەی ئازاد کراوە.