زیاتر لە ٣مانگە هاووڵاتییەکی خەڵکی مەهاباد دەسبەسەر کراوە و چارەنووسی ناڕوونە

خۆڕاگری: هاووڵاتییەکی خەڵکی مەهاباد بەناوی “خالید مێهماندووست” زیاتر لە ٣مانگە لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە دەسبەسەر کراوە و تائیستاش چارەنووسی ناڕوونە.

ڕۆژی چوارشەممە، ٩ی جۆزەردانی ١٤٠٣ی هەتاوی، ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆراگری” ڕایگەیاند: ناوەندە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە شاری مەهاباد، زیاتر لە ٣مانگە خالید مێهماندووست، هاووڵاتیی خەڵکی ئەو شارەیان دەسبەسەر کردووە و ئەوپەڕی هەوڵی خۆیان داوە کە ڕێگری لەوە بکەن هەواڵی دەسبەسەرکردنەکەی بە میدیایی نەکرێت.

ناوەندە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، وێڕای هەوڵدان بۆ شاردنەوەی هەواڵی دەسبەسەرکردنی ناوبراو، بەشێوەیەکی دڕەندانە خستوویانەتە ژێر ئەشکەنجە و ئازاری دەروونی و جەستەییەوە و لەو بارەیەوە هیچ زانیارییەکیشیان بە بنەماڵەی نەداوە و هەروەها کۆتاڕۆژەکانی مانگی ڕێبەندانی ساڵی ڕابردوو، لەلایەن هێزە داگیرکەرەکانی ئیتلاعاتی سپای تێرۆریستی پاسدارانەوە دەسبەسەر کراوە.