دەسبەسەرکردنی هاووڵاتییەکی خەڵكی سنە لەلایەن چەکدارانی ڕێژیمەوە

خۆڕاگری: ئەسعەد باباکەرەمی، هاووڵاتیی خەڵكی سنە، بەهۆی بەشداریکردن لە ڕێوڕەسمی نەورۆز لەلایەن ناوەندە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کرا.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی شەممە، ٢ی خاکەلێوەی ١٤٠٤ی هەتاوی، ئەسعەد باباکەرەمی، هاووڵاتیی خەڵکی شاری سنە، بەهۆی ئەوەیکە لە ڕێوڕەسمی نەورۆزی گوندی “گاوەرە” بەشداری کردووە، لەلایەن ئیتلاعاتی ڕێژیمەوە بانگ کراوە و هەرلەوێ دەسبەجێ دەسبەسەر کراوە و گوازراوەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.

ناوبراو لە پاش دەسبەسەرکردنییەوە تائێستا هیچ زانیارییەکی ڕاست و دروست لەسەر تۆمەتە وەپاڵدراوەکانی، شوێنی ڕاگیران و چارەنووسی لەبەردەستدا نییە و هەوڵ و بەدوداچوونی بنەماڵەکەشی بێئاکام ماوەتەوە و ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیمیش لەو بارەیەوە هیچ زانیارییەکی بەو بنەماڵەیە نەداوە.