هاووڵاتییەکی خەڵکی پیرانشار بە پێبەندی ئەلیکترۆنی لە ماڵی خۆی سزای بەندکردن جێبەجێ دەکات

خۆڕاگری: مەهوەش تەوەسولی، هاووڵاتیی خەڵکی پیرانشار کە سزای ساڵێک و ٨مانگ بەندکردنی بەسەردا سەپێندراوە، بە پێبەندی ئەلیکترۆنی لە ماڵی خۆیدا جێبەجێی دەکات.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی پێنجشەممە، ١٠ی ڕەشەمەی ١٤٠٢ی هەتاوی، لەلایەن دەزگای قەزایی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە، سزای ٢١مانگ بەندکردن لە ماڵەوە بۆ مەهوەش تەوەسولی لە بەندیخانەی ناوەندی ورمێ بەچاوەێری پێبەندی ئەلیکترۆنی جێبەجێ کرا و سزای بەندکردنەکەی لە ماوەیەکی دیاریکراودا لە ماڵەکەی خۆی لە پیرانشار تێپەڕ دەکات.

ناوبراو مانگی گەلاوێژی ئەمساڵ، بەتۆمەتی چالاکی تەبلیغی بەدژی حکوومەت، سزای ٢١ مانگ بەندکردنی لە ماڵەوە بە بەکارهێنانی پێبەندی ئەلیکترۆنی، لەلایەن دادگای ئینقلابی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە لە پیرانشار بەسەردا سەپێندرا و هەروەها مەهوەش تەوەسولی، ڕۆژی پێنجشەممە ٢٨ی ڕەزبەری ١٤٠١ی هەتاوی، لەدرێژەی خۆپیشاندانە سەرانسەرییەکانی دژبە کۆماری ئیسلامی، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە لە ماڵەکەی خۆیدا دەسبەسەر کرا و دواتر بەدانانی بارمتە و بە شێوەی کاتیی لە بەندیخانە ئازاد کرا.