هاووڵاتییەکی دەسبەسەرکراوی خەڵکی کامێران بەدانانی بارمتە ئازاد کرا

خۆڕاگری: سۆهراب گوڵمحەممەدی، هاووڵاتیی دەسبەسەرکراوی خەڵکی کامێران، پاش ١٢ڕۆژ ڕاگیران بەدانانی بارمتە ئازاد کرا.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی شەممە، ١٢ی ڕەشەمەی ١٤٠٢ی هەتاوی، سۆهراب گوڵمحەممەدی، هاووڵاتیی دەسبەسەرکراوی خەڵکی شاری کامێران، کە ماوەی ١٢ڕۆژە لەلایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەسبەسەر کراوە، بەدانانی بارمتە و بەشێوەی کاتیی لە بەندیخانە ئازاد کرا.

ئەو هاووڵاتییە، ڕۆژی دووشەممە، ٣٠ی مانگی ڕێبەندانی ئەمساڵ، لەلایەن دادگای ئینقلابی ئیسلامیی ئێرانەوە لە کامێران بانگ کراوە و هەرلەوێ دەسبەجێ دەسبەسەر کراوە و پاش لێکۆڵینەوە و لێپرسینەوە گوازراوەتەوە بۆ بەندیخانەی ناوەندی ئەو شارە و هەروەها تائێستاش هیچ زانیارییەک لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردن تۆمەتە وەپاڵدراوەکانی لە بەدەستدا نییە.