مامۆستایەکی ئایینی خەڵکی سەڵماس بۆجێبەجێکردنی سزای بەندکردن ڕەوانەی بەندیخانە کرا

خۆڕاگری: مامۆستا حەسەن جەنگخا، مامۆستای ئایینیی خەڵکی شاری سەڵماس کە سزای ٧ ساڵ بەندکردنی بەسەردا سەپێندراوە، دەسبەسەر و بۆ ڕەوانەی بەندیخانە کراوە.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی پێنجشەممە، ١٠ی ڕەشەمەی ١٤٠٢ی هەتاوی، مامۆستا حەسەن جەنگخا، مامۆستای ئایینیی خەڵکی گوندی “حەوتخان”ـی سەربە شاری سەڵماس، دوای بانگکردنی بۆ لقی جێبەجێکردنی سزاکانی دادگای کۆماری ئیسلامیی ئێران لەو شارە، دەسبەسەر کرا و بەمەبەستی تێپەڕاندنی سزای ٧ ساڵ بەندکردن ڕەوانەی بەندیخانەی ناوەندی شاری ورمێ کراوە.

مامۆستا حەسەن جەنگخا، لەلایەن دادگای تایبەت بە مامۆستایانی ئایینی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لقی ورمێ، سزای ٧ ساڵ بەندکردنی بەسەردا سەپێندرا و هەروەها پێشتر لە ماوەی ١حەوتوو دەسبەسەربوونیدا، بەهۆی ناڕەزایەتی دەربڕین سەبارەت بە کوژرانی کۆڵبەران و کاسبکارانی کورد و پەیوەندی لەگەڵ حیزبە کوردستانییەکانی دژبەری ڕێژیمی ئێران لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا، لێپرسینەوە و لێکۆڵینەوەی لێکراوە.

جێی ئاماژەیە کە، ناوبراو ڕۆژی ٢٩ی گەلاوێژی ١٣٩٩ی هەتاوی، لە کاتی سەفەرکردن بۆ گوندی “دزێ”ـی ناوچەی مەرگەوەڕ دەسبەسەر کرا و گوازرایەوە بۆ گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامی لە ورمێ و لە ئاکامدا دوای ١حەوتوو دەسبەسەربوون، بەدانانی بارمتەی ٣٠٠ ملیۆن تمەنی و بەشێوەی کاتیی تاکاتی دادگاییکردنەی ئازاد کرابوو.