هاووڵاتییەکی دەسبەسەرکراوی خەڵكی مەهاباد بەشێوەی کاتیی ئازاد کرا

خۆڕاگری: دیاكۆ خزری، هاووڵاتیی دەسبەسەرکراوی خەڵكی مەهاباد پاش زیاتر لە ٢٠ڕۆژ ڕاگیران، بە دانانی بارمتەی قورس و بەشێوەی کاتیی ئازاد کرا.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی پێنجشەممە، ١٦ی ڕەشەمەی ١٤٠٣ی هەتاوی، دیاکۆ خزری، هاووڵاتیی دەسبەسەرکراوی خەڵکی گوندی “سیلاناوا”ـی سەربە شاری مەهاباد پاش ٢٢ڕۆژ دەسبەسەربوون، بەدانانی بارمتەی قورس بە بڕی ٢ملیاردتمەن و بەشێوەی کاتیی تا کاتی دادگاییکردنەکەی لە بەندیخانەی ناوەندیی مەهاباد ئازاد کراوە.

ناوبراو ڕۆژی چوارشەممە، ٢٤ی ڕێبەندانی ١٤٠٣ی هەتاوی، لەلایەن هێزە داگیرکەرەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە کە هەڵیانکوتایە سەر ماڵەکەیان بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و یاسایی دەسبەسەر کرا و گوازرایەوە بۆ بەندیخانەی مەهاباد و هەروەها لەماوەی دەسبەسەربوونیدا لەمافی چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی و دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەش کرابوو.