دوو هاووڵاتیی دەسبەسەرکراوی خەڵكی سەقز بەشێوەی کاتیی ئازاد کران

خۆڕاگری: دوو هاووڵاتیی دەسبەسەرکراوی خەڵکی سەقز بەناوەکانی “فەرزاد نووری و فایەق ڕەشیدیان” پاش زیاتر لە دوو مانگ ڕاگیران بەشێوەی کاتیی ئازاد کراون.

ڕۆژی پێنجشەممە، ١٦ی ڕەشەمەی ١٤٠٣ی هەتاوی، ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕایگەیاند: لەماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، فەرزاد نووری و فایەق ڕەشیدیان، دوو هاووڵاتیی دەسبەسەرکراوی خەڵكی گوندی “خوردەلووک”ـی سەربە شاری سەقز، پاش زیاتر لە دوو مانگ دەسبەسەربوون، هەرکامیان بە دانانی بارمتەی ٥٠٠ملیۆن تمەن و بەشێوی کاتیی تا کاتی دادگاییکردنەکەیان لە بەندیخانی ناوەنیی سەقز ئازاد کراون.

ئەو دوو هاووڵاتییە ڕۆژی پێنجشەممە، ٦بەفرانباری ئەمساڵ لەلایەن هێزە داگیرکەرەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و یاسایی دەسبەسەر کران و تاماوەیەکی زۆر بێسەروشوێن بوون و بنەماڵەکانیان هیچ زانیارییەکیان لەسەر چارەنووسیان لانەبووە.