
خۆڕاگری: موجتەبا وەیسی، پەیڕەوی ئایینیی یارسان و هاووڵاتیی خەڵکی کرماشان لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە بەشێوەیەکی دڕەندانە دەسبەسەر کراوە.
بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی چوارشەممە، ۱٥ی ڕەشەمەی ۱٤۰۳ی هەتاوی، موجتەبا وەیسی، لە پەیڕەوانی ئایینیی یارسان و هاووڵاتیی خەڵکی شاری کرماشان، بەهۆی ئەوەیکە یەکێ بووە لە بەڕێوەبەرانی ڕێوڕەسمی نەورۆزی ئەمساڵ، لەلایەن هێزە داگیرکەرەکانی ئیتلاعاتی سپای تێرۆریستی پاسدارانی ڕێژیمی ئێرانەوە بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و یاسایی، بەشێوەیەکی دڕەندانە دەسبەسەر کراوە و گوازراوەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.
هێزە سەرکوتکەرەکانی سپای تێرۆریستی پاسداران بە بەکارهێنانی کردەوەی توندوتیژی لەشوێنێکی گشتیی ئەو شارەدا هەڵیانکوتاوەتە سەر ناوبرا بەبێ ڕەچاوکردنی دۆخی تایبەتیی کە منداڵەکەی خۆی لەگەڵ بووە دەسبەسەریان کردووە و منداڵەکەشیان هەر لەوێ بەجێ هێشتووە کە تەمەنێکی کەمی هەیە و هەروەها وەیسی لەماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا لەگەڵ کۆمەڵێک چالاکوانی فەرهەنگی و مەدەنی بەتەمای ئامادەکاری بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمی نەورۆز بوون، بەڵام سپای تێرۆریستی پاسداران دەیهەوێ بە گوشار و هەڕەشە ڕێگری بکات.