سەپاندنی سزای بەندکردن بەسەر هاووڵاتییەکی خەڵكی کرماشان لەلایەن ڕێژیمەوە

خۆڕاگری: بەهمەن نادری، هاووڵاتیی خەڵکی کرماشان لەلایەن دەزگای قەزایی کۆماری ئیسلامییەوە سزای ٦مانگ بەندکردنی بەسەردا سەپێندراوە و پێشتریش سزای یەکساڵی بەسەردا سەپێندرابوو.

ڕۆژی پێنجشەممە، ٢٠ی بەفرانباری ١٤٠٣ی هەتاوی، ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕایگەیاند: بەهمەن نادری، هاووڵاتیی خەڵكی شاری کرماشان کە لە دووهەمین ساڵڕۆژی کوژرانی ژینا ئەمینی لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کرابوو، لەلایەن دەزگای قەزایی کۆماری ئیسلامییەوە بەتۆمەتی بێڕێزیکردن بە بەرپرسانی ڕێژیم سزای ٦مانگ بەندکردنی بەسەردا سەپێندراوە و هەروەها پێشتریش سزای یەکساڵ بەندکردنی بەسەردا سەپێندرابوو.

ڕۆژی چوارشەممە، ١٩ی بەفرانباری ئەمساڵ، بەشێوەی فەرمی ئەو سزایە بە ناوبراو ڕاگەیاندرا کە لقی ١٠٥ی دادگای تاوانەکانی ٢ی ڕێژیم لە کرماشان ئەو سزایەی بەسەردا سەپاندووە و پێشتریش ڕۆژی چوارشەممە، ٢١ی سەرماوەزی ئەمساڵ، لەلایەن لقی ١ی دادگای ئینقلابی ئیسلامیی ڕێژیمەوە لەو شارە سزای یەکساڵ بەندکردنی هەڵپەسێردراو و پێبژاردنی ١٠ملیۆن پارەی بەسەردا سەپێندرابوو.