سەپاندنی سزای بەندکردن بەسەر هاووڵاتییەکی خەڵکی نەغەدە لەلایەن ڕێژیمەوە

خۆڕاگری: محەممەد ئەمینیفەر، هاووڵاتیی خەڵكی نەغەدە لەلایەن دەزگای قەزایی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای ٢ساڵ و ٥مانگ بەندکردنی بەسەردا سەپێندرا.

ڕۆژی پێنجشەممە، ٢٠ی بەفرانباری ١٤٠٣ی هەتاوی، ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕایگەیاند: محەممەد ئەمینیفەر، هاووڵاتیی خەڵكی گوندی “ئاڵیاوێ”ـی سەربە شاری نەغەدە، لەلایەن لقی ١ی دادگای ئینقلابی ئیسلامی ڕێژیمی ئێرانەوە لە مەهاباد بەسەرۆکایەتی قازی “سەجاد دووستی” بەتۆمەتی ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی دژبەری کۆماری ئیسلامی، سزای ٢ساڵ و ٥مانگ بەندکردنی بەسەردا سەپێندراوە.

ناوبراو ڕۆژی دووشەممە، ١١ی بەفرانباری ساڵی ڕابردوو، لەلایەن هێزە داگیرکەرەکانی کۆماری ئیسلامییەوە بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و یاسایی دەسبەسەر کرا و گوازرایەوە بۆ یەکێک لە گرتنەگەکانی ڕێژیم لە شاری ورمێ و پاش قۆناغی لێکۆڵینەوە و لێپێچینەوە بەشێوەی کاتیی و بەدانانی بارمتەی ٢ملیاردتمەنی ئازاد کرابوو.