دیوانی باڵای کۆماری ئیسلامی سزای سێدارەی پەخشان عەزیزیی پشتڕاست کردەوە

خۆڕاگری: سزای سێدارەی پەخشان عەزیزی، بەندکراوی سیاسیی کورد لەلایەن دیوانی باڵای دەزگای قەزایی ڕێژیمی ئێرانەوە پشتڕاست کرایەوە.

ڕۆژی چوارشەممە، ١٩ی بەفرانباری ١٤٠٣ی هەتاوی، ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕایگەیاند: پەخشان عەزیزی، بەندکراوی سیاسیی خەڵكی شاری مەهاباد لەلایەن لقی ٣٩ی دیوانی باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە پشتڕاست کرایەوە و لەو بارەیەوە پارێزەری ناوبراو، وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەو هەواڵە وتی: لقی دیوانی باڵای ڕێژیم بەبێ هیچ سەرنجدانێک بە کێشە جۆراوجۆرەکانی پەروەندەکە، سزای سێدارەی پەخشان عەزیزیی پشتڕاست کردووەتەوە و پێداگری کردووە کە ئەو شێوە سزایە لە بنەڕەتدا لە دژایەتی لەگەڵ ڕەوتی قەزایی ئێران ئەو سزایانەی پێشتر تەنانەت لەلایەن هەمان لقی قەزایی ڕێژیمەوە سەپێندراون و سیاسەتە قەزاییەکانی کۆماری ئیسلامی لە پەیوەندی لەگەڵ سزاکانی لێئەستاندنەوەی ژیاندایە.

ئەمیر ڕەئیسیان، پارێزەری دۆسیەی پەخشان عەزیزی لە درێژەدا وتوویەتی: دیوانی باڵای کۆماری ئیسلامی وڵامی هیچکام لەو کێشانەی کە لە دۆسیەی ناوبراودا هەبووە نەداوەتەوە و هیچ سەرنج و گرینگییەک بە کێشەکانی ئەو دۆسیە وەکوو کێشە بنەماییەکانی نەدراوە و هەروەها لە لێکۆڵینەوەکاندا بە ڕەخنە و کەموکوڕییەکان گرینگی نەدراوە، ئەو بەڵگانەی دەیسەلمێنن دۆسیەی پەخشان عەزیزی شیاوی سەپاندنی سزای سێدارە نییە و چالاکییەکانی لە ڕۆژئاوا لە کەمپی ئاوارەکانی شەنگال و کەمپی ئاوارەکانی دیکەی شەڕی داعش چالاکییەکی ئاشتیخوازانە بووە کە لە بنەماوە هۆکارێکی سیاسیی نەبووە و بەمەبەستی ئهاوکاری و گەیاندنی یارمەتی بە ئاوارەکانی هێرشەکانی داعش بووە، لەبەر چاو نەگیراون.

شایانی باسە کە، پەخشان عەزیزی ڕۆژی چوارشەممە ٢٤ی جۆزەردانی ساڵی ڕابردوو، بەتۆمەتی بەغی، لەلایەن دەزگای قەزایی ڕێژیمی ئێرانەوە، سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرا و دواتر لە لقی ٣ی لێپرسینەوەی خانەی دادی بەندیخانەی ئێڤین لەگەڵ کردنەوەی دۆسیەیەکی دیکە لەژێر ناوی ئاژاوەنانەوە لە بەندیخانە ڕووبەڕوو کرایەوە و سزای شەش مانگ بەندکردنی بەسەردا سەپێندرا.